سامانی فاروقی مه‌لا مسته‌فا نزیكه‌ی 2.7 ملیار دۆلاره‌ PDF چاپی بکه ئیمه‌یل
2863 جار بینراوه
دووشه‌ممه‌, 07 ئۆکتۆبه‌ر 2013 12:37

 

ماڵپه‌ڕێكی ناسراوی ئه‌مریكی سامانی بازرگانی ناسراوی شاری سلێمانی فاروقی مه‌لا مسته‌فا ئاشكرا ده‌كات و رای ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌و سه‌رمایه‌داره‌ یه‌كه‌م كه‌س بووه‌ مۆبایلی هێناوه‌ته‌ كوردستانه‌وه‌.

ماڵپه‌ڕی به‌ناوبانگی ئه‌مریكی بلموبێرگ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵ و راپۆرتی ئابووری، راپۆرتێكی له‌سه‌ر فاروقی مه‌لا مسته‌فا كردووه‌ و به‌ “ملیاردێره‌ ناسراوه‌كه‌ی عێراق” ناوی ده‌بات.

له‌سه‌ره‌تای راپۆرته‌كه‌دا به‌م شێوه‌یه‌، باس له‌و بازرگانه‌ كورده‌ ده‌كات و هاتووه‌ “فاروق مسته‌فا ره‌سوڵ، له‌ساڵی ١٩٩٨ بۆ یه‌كه‌مجار مۆبایل فۆنی بینی، ئه‌وكاته‌ی كه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری له‌نده‌ن كه‌وتبوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی نه‌شته‌رگه‌ری دڵی بۆ كرابوو، ئه‌و گوێی له‌ ئامۆژگارییه‌كانی پزیشكه‌كان نه‌گرت و بیری له‌وه‌ كرده‌وه‌ چۆن ئه‌م ئامێره‌ نوێیه‌ بگه‌یه‌نێته‌ عێراق”.

دواتر بلومبێرگ ده‌ڵێ “پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م، فاروق مۆبایل و ئامێره‌كانی ترانسمیته‌ری  له‌ سنووره‌كانی توركیاوه‌ گه‌یانده‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق و ئه‌و پیاوه‌ توانی یه‌كه‌م تۆڕی وایه‌رلێسی ته‌له‌فۆنی له‌ عێراقدا  دابمه‌زرێنێت، ئه‌مه‌ش له‌سه‌رده‌می سه‌ددامدا تاوانبوو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یویست كه‌س ده‌ستی به‌ جیهانی ده‌ره‌وه‌ نه‌گات و زیاتر بتوانێت كۆنتڕۆڵی خه‌ڵكه‌كه‌ی بكات”.

شوان ته‌ها كه‌ سه‌رۆكی بانكی رابییه‌ له‌شاری به‌غدا و بزنسمانێكی ناسراوی وڵاتی به‌ریتانیاشه‌، هاوڕێی فاروق مسته‌فایه‌ و ناوبراو  له‌و راپۆرته‌دا باس له‌ كه‌سایه‌تی فاروقی مه‌لا مسته‌فا ده‌كات و ده‌ڵێت ”كاك فاروق كه‌سێكه‌ كه‌ بیخه‌یته‌ هه‌ر بارودۆخێكه‌وه‌، سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت و ئه‌و ریسكی زۆر ده‌كات“.

دواتر راپۆرته‌كه‌ دێته‌ سه‌ر باسكردنی چۆنێتی پێگه‌یشتنی فاروق و تیایدا هاتووه‌ ”كاره‌كانی فاروق وایكرد كه‌ ئه‌و كابرا ته‌مه‌ن ٧٢ ساڵیه‌ ببێته‌ یه‌كێك له‌ ملیاردێره‌كانی عێراق و ببێته‌ خاوه‌نی دووه‌م گه‌وره‌ترین كۆمپانیای تێلكۆم له‌و وڵاته‌ كه‌ كۆمپانیای ئاسیا سێڵه‌ و ناوبراو خاوه‌نی له‌سه‌دا ٢٨ی پشكی ئه‌و كۆمپانیایه‌، كه‌ به‌بڕی ١.٤ ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت”.

بلومبێرگ به‌شێكی زۆرتر له‌ سامانه‌كانی فاروقی مه‌لا مسته‌فا ئاشكرا ده‌كات و  ده‌ڵێ بێجگه‌ له‌و كۆمپانیایه‌، فاروق مسته‌فا پشكی له‌ كۆمپانیاكانی تایبه‌ت به‌ چیمه‌نتۆ، دڵنیایی (ته‌ئمین)، بیناسازیی، خزمه‌تگوزاری ته‌كنه‌لۆژیایی، به‌رهه‌م هێنانی ستیل، زه‌ویوزار و ئوتومبێلدا هه‌یه‌.

به‌پێی پێگه‌ی بلومبێرگ ئه‌مریكی ”سه‌روه‌ت و سامانی فاروق مه‌لا مسته‌فا به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ده‌گاته‌ ٢.٧ ملیار دۆلاره‌”، به‌ڵام هه‌تا ئێستا ناوی له‌ لیستی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی جیهاندا نه‌هاتووه‌.

له‌باره‌ی فاروقی مه‌لا مسته‌فاوه‌، كه‌نغان مه‌كییه‌، پڕۆفیسۆری عێراق، له‌و راپۆرته‌دا ده‌ڵێ ”سه‌رمایه‌گوزاری وه‌كو فاروق له‌ عێراق كه‌مه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌و بیرۆكراسی و گه‌نده‌ڵیه‌ی رژێمی سه‌دام له‌پاش خۆی به‌جێیهێشتووه‌“، ئه‌و ده‌ڵێ له‌ عێراقی ئه‌مڕۆدا باشترین رێگا بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندبوون ”سوود وه‌رگرتنه‌ له‌و كاشه‌ خێرایه‌ی كه‌ له‌رێگای داهاتی نه‌وتی وڵاته‌كه‌وه‌ دروست ده‌بێت كه‌ له‌سه‌دا ٩٥ی بوودجه‌ی گشتی عێراق پێكدێنێت”.

هه‌روه‌ها گوتیشی “ئێمه‌ له‌ عێراق زۆر له‌دواوه‌ین، پڕۆفیشناڵی و پسپۆڕی و توانای كاركردن له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌ره‌وه‌دا، نه‌ماوه‌”.

ئه‌و راپۆرته‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چۆن مه‌كییه‌ و فاروق له‌ساڵی ٢٠٠٦ یه‌كتریان ناسیووه‌، ئه‌وكاته‌ی هه‌ردووكیان رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ دروستكردنی زانكۆی ئه‌مریكایی له‌شاری سلێمانی و راپۆرته‌كه‌ ئاشكرای ده‌كات، كه‌ هه‌تا ئێستا فاروق بڕی ٣ ملیۆن دۆلاری به‌خشیووه‌ته‌ ئه‌و زانكۆیه‌ و هه‌ر له‌و زانكۆیه‌ش زرنگی كوڕی فاروق خوێندوویه‌تی.

سه‌باره‌ت به‌ كه‌سایه‌تی فاروقی مه‌لا مسته‌فا، دۆڤ زاكیم كه‌ له‌سه‌رده‌می جۆرج بوشی سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا، راوێژكاری بواری به‌رگری بووه‌ و ئێستاش ئه‌ندامی بۆردی ئه‌و زانكۆییه‌، ده‌ڵێ ”كه‌سانی وه‌كو فاروق گرنگن، به‌هۆی هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌مریكا له‌ كوردستان بوونی هه‌بێت و ئه‌و نوێنه‌رایه‌تی مسوڵمانێكی مۆدێرنی عه‌لمانی ده‌كات. ئه‌و حه‌زی به‌ په‌یوه‌ندی ئه‌مریكا هه‌یه‌ و لای ئه‌و سیسته‌می خوێندنی ئه‌مریكی گرنگه‌“.

دواتر راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چۆن فارۆقی مه‌لا مسته‌فا زۆربه‌ی كارمه‌نده‌كانی ئافره‌تن و له‌وباره‌یه‌وه‌ شوان ته‌های هاوڕێی بزنسمانی دانیشتووی به‌ریتانیا ده‌ڵێ ”هه‌ر كاتێك خۆت ده‌كه‌یت به‌ نێو كۆمپانیایه‌كی ئه‌ودا، پڕیه‌تی له‌ ئافره‌ت كه‌ ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌كی نوێیه‌”.

ئه‌و راپۆرته‌ ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ ئه‌و بازرگانه‌ی شاری سلێمانی بڕی ١٦٠ ملیۆن دۆلاری له‌ دروستكردنی هۆتێلی گراند مه‌له‌نیه‌می ٣٩ قاتی له‌ ناوه‌ڕاستی شاری سلێمانی خه‌رجكردووه‌ و بڕیاره‌ له‌ كۆتایی ئه‌مساڵدا بكرێته‌وه‌.

بلومبێرگ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ فاروق كوڕه‌ مه‌لایه‌ و ده‌رچووی زانكۆی به‌غدایه‌ له‌ به‌شی ئابووری و ژمێریاری و دواتر وه‌كو ژمێریار له‌ یه‌كێك له‌ بانكه‌كانی عێراق كاری كردووه‌ و پاشان له‌ساڵی ١٩٦٨ وازی له‌ كاره‌كه‌ی هێناوه‌ رووی له‌ شاخ كردووه‌ و بووه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌ و چووه‌ته‌ ریزی حیزبی شیوعییه‌وه‌.

پاشان له‌دوای راپه‌ڕینی ١٩٩١، فاروق واز له‌ خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی دێنێت و رووده‌كاته‌ كاری بازرگانی و له‌ساڵی ١٩٩٥ئه‌و كۆمپانیایه‌ی سه‌نته‌ری ته‌له‌فۆناتی نێوده‌وڵه‌تی له‌شاری سلێمانی داده‌مه‌زرێنێت كه‌ دوای چوار ساڵی تر ده‌بێته‌ كۆمپانیای ئاسیا سێڵی ئێستا.

 

س-باس

 

سامانی فاروقی مه‌لا مسته‌فا نزیكه‌ی 2.7 ملیار دۆلاره‌
 
.
.

.

.
.
.
.
.
.

کۆمه ڵێک وێنه ی نوێ ته ماشابکه ن

 

----------------

کۆمه ڵێک به سته ری به سوود



به ڕێوه به ری گشتی ماڵپه ڕ
سۆران شاره زووری